(سپی) بەرنامەی عامری لە بینینی لایەنە کوردییەکان ئاشکرادەکات

پاش ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و چەند حزبێکی دیکە و لە سلێمانیش سەردانی لایەنەکانی تری کرد، عامری لەسەردانەکەیدا بۆلای لایەنە سیاسییەکان پێشنیاری کردووە، کە حكومەتی ئینتیقالی بەبێ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکبهێنرێت، بە بەشداری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش. 

لەمبارەیەوە بارەگای بارزانی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند" ئەمڕۆ لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازی لە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کرد، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەکانی عێراق و کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی عێراق ئاڵوگۆڕ کران". 

باسی لەوەشکرد، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنەکان بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو بنێن و هەوڵەکانی خۆیان بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی تەرخان بکەن. 

هەروەها لای خۆشیەوە سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، هادی عامری سەردانی مەسرور بارزانی کرد و لە دیدارەکەدا عامری جەختیکردەوە، پێویستە هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکانی عێراق ڕێگەی گفتوگۆ بگرنەبەر و هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە تاکو عێراق لەو دۆخە مەترسیدارە رزگار بکەن. 

دوای دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم، عامری سەردانی بارەگای سەرەکی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کرد و لەگەڵ عەلی باپیر سەرۆکی حزبەکە کۆبووەوە. 

جێی باسە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازی لە سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح کرد،  بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و دەستپێشخەری نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عیراق تاوتوێکران. 

هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، لە ئێستاشدا لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەدایە. 

ماوه‌ی (١٠) مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ڕێوه‌چووە، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ته‌واوی په‌رله‌مانتارانی له‌ په‌رله‌مان كشانده‌وه‌، تائێستا كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت پێكنەهێنراوە.

سه‌در داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت دەکات، به‌ڵام چوارچێوه‌ی هه‌مانگی به‌ مه‌رج به‌ داواكه‌ی ڕێبەری ڕەوتی سەدر ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیووه‌.



PM:10:12:14/08/2022