زانا عەبدولڕەحمان هێرشی توند دەكاتە سەر قوباد تاڵەبانی
پوری قوباد تاڵەبانی: نمەك حەرام


زانا عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت "كاتێك لە ٢٠١٣ قوباد تاڵەبانی بووە جێگری سەرۆكی حكومەت، ئیتر لەو كاتەوە ڕۆژی رەشی سلێمانی دەستپێكرد"، پورێكی قوباد تاڵەبانیش وەڵامی دەداتەوە و بە "نمەك حەرام" ناوی دەبات.

زانا عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە پەیجی خۆی رەخنەی توندی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم گرتووە و نوسیویەتی "كاتێك لە ٢٠١٣ قوباد تاڵەبانی بووە جێگری سەرۆكی حكومەت، ئیتر لەو كاتەوە ڕۆژی رەشی سلێمانی دەستپێكرد، ئیتر گروپی مافیایی ئاشكرا بەناوی راوێژكار و نوسینگە دروستبوون، شەراكەت لەگەڵ بازرگان و سەرمایەدارەكان بووە شتێكی ئاسایی".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لەساڵی ٢٠١٣ سەرمایەدار و كۆمپانیاكان ڕۆڵی سەركی ئەبیین لە دانانی سەرۆكی شارەوانی و تاپۆ و وەبەرهێنان، تەنانەت بڕیاری هێرۆخان بۆ پاراستنی خانوە كۆنەكانی سلێمانی و شاخی گۆێژە  ژێرپێ خرا هەموو درایە بازرگانی چاوچنۆك".

هەروەها وتویەتی "مووچە و ژیانی خەڵك  خراپ بوو، سلێمانی بەتەواوی خست و هەموو سیماكانی پێشكەوتنی راگرت و تەسلیمی كۆمپانیا هاوبەشەكانی كرد، ئێستاش هەر بەردەوامە هیچ ویژدان و یاسایەك ڕایناگرێت".

لە بەرامبەریشدا لیلۆز ئیبراهیم ئەحمەد، پوری قوباد تاڵەبانی لە فەیسبووكی خۆی وەڵامی توندی زانا عەبدولڕەحمانی داوەتەوە و نووسیویەتی "وەڵامێك بۆ نەزانیكی بێوەفا و نمەك حەرام، مرۆڤ ناتوانێت هەمیشە پاڵەوان بێت، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت هەمیشە پیاو بێت....!".






PM:05:40:18/08/2022