ئەمڕۆ ٢٠
ی ئابی ٢٠٢٢، هەردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق و هەرێمی
كوردستان ئاشكرایان كرد، ئەمساڵ بەشەخۆراكی زیاتر بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت.
هاشم موسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی
خۆراک لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێڕاقی ڕاگەیاند "دەستمان
کردووە بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە، کە لە شەکر و برنج و پاقلەمەنییەکان پێکدێت،
کە مانگانە دابەش دەکرێت و ئەو پڕۆسەیەش بەردەوام دەبێ و ئەمساڵ بەشەخۆراكی زیاتر
دابەش دەكرێت".
وتیشی "ئێستا خێزانی عێراقی پشت بە بەشەخۆراکی
مانگانە دەبەستێت و بەشەخۆراكەكەش باشتر كراوە و بێ دواکەوتن دابەش دەكرێت، جۆری خۆراكەكانیش
بەرەو باشترە، بۆ نموونە، ئاوی تەماتە بۆ مانگی داهاتوو جۆرێكی باشتری لێ دابەش دەكرێت".
دەشڵێت "ههندێك بازرگانی چاوچنۆک هەن، کە
خوازیاری ئەوەبوون متمانەی هاووڵاتییان بە بەشەخۆراکی مانگانە کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی
نرخی خۆراك بە بەرزی بهێڵنهوه، بەڵام هەوڵەکانی ئەو جۆرە بازرگانانە سەری نەگرت،
چونکە بەشەخۆراك بەردەوام بووە و ڕەزامەندیی هاووڵاتییانیشی لەسەرە، ئێستا بەشەخۆراکی
مانگانە بەسەر ٤٠ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس لە عێراق دابەش دەکرێت".
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق عەبدولزەهرە
هینداوی، رایگەیاند "لەسەروبەندی ئەوەداین، کە ستراتیژیەتێک بۆ باشکردنی بژێوی
ژیانی خێزانە هەژارەکان دابڕێژێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی هەوڵ هەیە
بۆ باشترکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی بایەعی و دەرهێنانی ئەوانەی، کە بژێویان باشە و
پێویستیان بەو بەشەخۆراکە نییە".
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "چەند ساڵە تەنیا شەش بەشەخۆراك دابەش دەكرا،
بەڵام ئەمساڵ زیاتر دەبێت و رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ، چەند بەشەخۆراكێكی دیكەیش دابەش
بكەین".
باسی لەوەشکردووە، ئەمساڵ تا ئێستا شەش بەشەخۆراكی
مانگانە هاتووە، "رۆژانە بەشەجیاوازەكانی خۆراك دێن و ئێمەش دوای پشكنین، دابەشی
سەر بریكارەكانی خۆراكیان دەكەین و دەدرێتە هاووڵاتییان".
نەوزاد شێخ کامیل ئەوەشی وت "هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە،
هیچ خۆراك و بەشەخۆراكێك نافەوتێت و ئەوەی دێت دابەشی دەكەین، بەڵام هەندێك جار
دوادەكەوێت، بۆ نموونە، لە شارێك مادەیەكی خۆراك دراوە، لە شارێكی دیكە نەدراوە، بەڵام
لەكۆتاییدا هەر دێت و دابەشی دەكەین".
بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی جەخت دەکاتەوە، ئەو
مادانەی کە هاتوون، هەموویان پشکنینیان بۆ کراوە و لە ڕووی تەندروستییهوه بۆ
خواردن گونجاون و کوالێتییان زۆر باشە، بۆیە با هاووڵاتییان بچن وەریانبگرن، سەبەتەی خۆراک پێک هاتووە له شەکر، زەیت، دۆشاوی تهماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک،
برنج و ئارد