زانیاری نوێ سەبارەت بە فێنكبوونی كەش و هەوا


پێشبینی دەكرێت تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو پلەكانی گەرما بە نزمی بمێننەوە و لە ١٠ رۆژی سەرەتای مانگی داهاتوش تاڕادەیەك پلەكانی گەرما بەرز دەبنەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "ماوەی چەند رۆژێكە كاریگەری گەرما بەھێزەكان لەسەر كەشی ناوچەكانمان كشاوەتەوە بەھۆی بارستە ھەوایەكی بەرزی سارد كە بەسەر دەریای ناوەراستدا جێگیر بووە و لە ئەنجامدا پلەی گەرمی لە زۆربەی ناوچەكانی عێراقدا بۆ خوار تێكرایەكانی خۆی بوەتەوە و لەناوچەكانی ھەرێمی كوردستانیش تا رادەیەك گەرماكە ئاسایی بوەتەوە و تینی پێشتری نەماوە كە تا 28ی مانگ بەردەوامی دەبێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە 28ی ئەم مانگەوە كاریگەری بارستە هەوای بەرزی ساردی دەریای ناوەڕاست كاریگەری نامێنێت و بەھۆی بەرزبونەوەی پەستانی ھەوای چینەكانی سەرەوە بەشێوەیەكی بەرفراوان و جێگیربونی بەسەر كەشی ناوچەكەدا، پلەكانی گەرما جارێكی دیكە لە ڕوكەشدا بەرزبونەوەیەكی كەم بەخۆوە دەبینن، ئەگەری ھەیە تا 10 رۆژی سەرەتای مانگی ئایندە بخایەنێت لەگەڵ بونی گۆڕانكاریشدا بە سەر ماوە و كاریگەریەكانی".


ئاراس جەبار وتویەتی "گەرمای بەھێز لەناوچەكانمان كۆتایی پێھاتوە بەھۆی نزیكبونەوەمان لە وەرزی پایز شەپۆلەكانی گەرما ھاوشێوەی ماوەكانی ڕابردو بەتین و بەھێز نابنەوە وه لە شەواندا كەش بەرەو فێنك بوونی زیاتر دەچێت".




PM:09:28:23/08/2022