سەركردەیەكی پارتی: فەرەیدون جوانڕۆیی تیرۆركراوە


ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت "فەرەیدون جوانڕۆیی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی تیرۆر كراوە".

نوری حەمە عەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی "حەوت ساڵ پێش ئێستا لە درەنگانێكی وەك ئەمشەو دەستی رەشی تیرۆر گەیشتە هەڤاڵ و برامان كاك فەرەیدون جوانڕۆیی، سەربەرزانە خوێنی تێكەڵ بە خاك بوو".
 
ئەو نووسینەی نوری حەمەعەلی لە كاتێكدایە فەرەیدون جوانڕۆیی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە شەوی 2015/8/25 لە رێگەی كەڵەك لە نزیك هەولێر لە روداوێكی تەمومژاویدا گیانی لەدەستدا.
 
ئەو كات عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند "رووداوەكە روداوێكی هاتوچۆ بووەو كاری تیرۆریستی نەبووە".
 
بەڵام دادگای تاوانی سێی هەولێر لە زاری وتەلێگیراو (ئازاد فەرەیدون جوانڕۆیی)یەوە باسی لە چۆنیەتی كوژرانی فەرەیدون جوانڕۆیی كردووە و نوسیویەتی "سەرەتا تەقەی لێكراوە دواتر ئۆتۆمبێلێكی جۆری (جیب/درع/ عسكری) كێشراوە بە ئۆتۆمبێلەكەیدا، تا ئێستاش یەكێك لە تاوانباران دەستگیرنەكراوەو لە قەزای خەباتی نزیك هەولێرە".




PM:12:34:25/08/2022