هەولێر.. تەرمی گەنجێک دۆزرایەوە کە ١٠ ڕۆژە گیانی لەدەستداوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دۆزینەوەی تەرمی گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵی ڕاگەیاند "کە تەرمەکە تێکچووە و تائێستاش هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی دیار نیە".  

ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕێکەوتی (٢٥-٨-٢٠٢٢)، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار کرانەوە بەبوونی تەرمێک لە نێو بینایەکی هەیکەل لە سەر ڕێگای نیوان (هەولێر-کەرکوک)".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "دوای ئەوەی تیمێکی لێکۆڵینەوە لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، چوونە شوێنی مەبەست لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کەسێک بەناوی (ئەمین ئومێد عەبدولکەریم) تەمەن (١٩) ساڵ، لە نێو بیناکە گیانی لەدەستداوە."  

ئەوەش هاتووە "ناوبراو ماوەی (١٠) ڕۆژە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و بێ سەروشوێن بووە، بەهۆی تێکچوونی شێوەی تەرمەکە ڕەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادی کرا، پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ گەیشتن بەهۆکاری ڕاستی گیان لەدەستدانی ناوبراو."  

 

 

 




PM:05:56:25/08/2022