وەزیرێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێی باشە ئەو كەسانەی گەندەڵییان كردووە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، بەڵام دەڵێت، دزە گەورەكان رووبەڕووی دادگا بكەنەوە.
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم لە پشكی یەكێتی ئەمڕۆ دووشەممە نوسیویەتی "ئێوە دزە وردو بچوكەكان، ئەگرن دەدەن بەدادگا ھەرچی لێدەكەن ھەنگاوێكی باشە. بەڵام بابەتی گەندەڵی چارەسەر ناكات، فەرموون تاداوەكەیان نەبڕیوە و خۆشمان نەكەوتوینەتە خوارەوە، ئەوانیش حەوت ولات ئاوا نەبوون، دزە گەورە گەورەكان رووبەرووی دادگا بكەنەوە".
دەقی نووسینەكە:
داوی جاڵجاڵۆكە
جاڵجاڵۆكە كاتێك داوەكەی ئەتەنێ بەنیازی راو، خۆی لەناوەراستی داوەكەدا حەشار ئەدات، چاوەڕێ ئەكات سا بەڵكو مێروویەكی بچوك، مێشێ مێشولەیەك پێوەببێت و ئەمیش پریبداتێ و بیگرێت.
كاتێك ئەو مێروە بچوكانە پێوە دەبن و سەرەوخوار ھەڵدەواسرێن، جاڵجاڵۆكەكە پڕیان ئەداتێ و ئەیانگرێت، بەلام زۆر جار مێروە گەورەو درەكان دێن، وەك شەنگەسورە( سورپیاز) قالۆنچە زەرینە.....ئەدەن لەداوەكە ئەیبڕن و ئاوا دەبن، جاڵجاڵۆكەو داوەكەشی دەكەونە خوارەوە.
برام، ئێوە دزە وردو بچوكەكان ، ئەگرن ئەدەن بەدادگا دەرئەكەن ھەرچی لێدەكەن ھەنگاوێكی باشە.
بەلام بابەتی گەندەلی چارەسەر ناكات، فەرموون تا داوەكەیان نەبڕیوەو خۆشمان نەكەوتوینەتە خوارەوە، ئەوانیش حەوت ولات ئاوا نەبوون، دزە گەورە گەورەكان رووبەرووی دادگا بكەنەوە.