بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "بەهۆی یەكێتییەوە دۆخی سلێمانی بەرەو خراپی رۆیشتووە و ئەگەر دەسەڵاتدارانی شارەكە كاریان بە بڕیارەكانی حكوومەت بكردایە، بانكەكانی سلێمانی بێ پارە نەدەبوون و نەخۆشخانە و پڕۆژەكانیش رانەدەگیران".
زیاد كاكەڕەزا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە میدیایەكی نزیك لە حیزبەكەی راگەیاندووە "حكومەت هی هەموو كوردستانە و سێ لایەنی سەرەكی پارتی، یەكێتی و گۆڕان پێكیان هێناوە، یەكێتی جێگری سەرۆك وەزیران و كاربەدەست و گۆڕان وەزیر و كاربەدەستیان لە ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، ئەگەر بڕیارەكانی حكومەتی هەرێم لە زاخۆ تا خانەقین جێبەجێ بكرێت، بە دڵنیاییەوە دۆخی پارە لە زاخۆ چۆن بێت لە سلێمانیش هەروا دەبێت".
هەروەها وتویەتی "یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم كۆتاییە دەریخست بەپێی بڕیارەكانی حكومەت كار ناكات، چونكە ئەگەر بەو شێوەیە و كاریان بە راسپاردەكانی حكومەت بكردایە، كە خۆیشیان لە حكومەتن، كار نەدەگەیشتە ئەوەی سەدان ملیار دینار لە بانكەكان بەهۆی سپیكردنەوەی چەكی پارەوە، بانكەكانی سلێمانی بەتاڵ نەدەبوو، ئەوكات پڕۆژەكان بەو دەردە نەدەڕۆیشتن و بانكەكان بێ پارە نەدەبوون و كۆمپانیاكانی پاككەرەوە بێ پارە نەدەبوون".
كاكەڕەزا ئاماژەی بەوەكردووە "نەخۆشخانەكان بەرەو داخستن نەدەڕۆیشتن و مووچەی مووچەخۆرانی سنوورەكە دوانەدەكەوت، كە چەند مانگێكە فەرمانبەر و خانەنشینان گیرۆدەن، ئەوكات حكوومەت سەرانسەری دەبوو و هەموو بڕیارەكانی لە كوردستان جێبەجێ دەكرا و سلێمانیش ئاوای لێ نەدەهاتە".
ناوبراو دەڵێت "كۆمەڵێك خەڵكی دەستڕۆیشتوو یارییان بە پارەی بانكەكانی سلێمانی كردووە و كۆمەڵێك كەسیش هاوكاریان بووە لە بانكەكان، وەك چۆن ئەو فەرمانبەرانە گیران، ئەو دەڵاڵانەی دەرەوەیش گیران، ئەوانەیش دەستڕۆیشتوون و دەستیان لەو كارە هەبووە بگیرێن و بدرێنە دادگا".