وەزارەتی خوێندنی باڵا پرۆسه‌ی پێشکەشکردن بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچووانی دوانزه‌ی ئاماده‌یی له زانكۆكانی كوردستان دەستپێدەکات و لە کاتژمێر ٨:٠٠ی سەرلەبەیانیی سبەینێ یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ یە ئەیلول کارا دەکرێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند"، لە سبەینێ یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ ی ئەیلول لە کاتژمێر ٨ی بەیانی، وێبسایتی(www.regayzanko.com) بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی، تا کاتژمێر ١٢ ی شەوی ڕۆژی ٢٧ ی ئەیولی واتە بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ کارا دەبێت.
لەو راگەیاندنەدا هاتووشە " ده‌رچوانی (١٢)ی ئاماده‌یی لەو ماوەیە ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وه‌و پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچوان ده‌بێت بە بەكارهێنانی هەمان ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر له خوێندنگەکانیان وه‌ریانگرتۆته‌وه فۆرمی وه‌رگرتن پڕبكه‌نه‌وه".
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، "بۆ به‌رچاوڕونی زیاتری ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌و ئاشنابونیان به‌سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن لەسەر وێبسایتی (www.regayzanko.com) ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان، هەروەهاش دەتوانن سەردانی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به‌سیستمه جیاوازه‌كان، کە ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تێكی گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی دەرچوان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن و ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه بن و هەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمی نین و تەنها بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵە و بەشێک کە لەلایەن دەرچوو پێشکەش دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستۆتەڕوو، " وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابی، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانی پۆلی دوانزە هەر لە یەکەم ڕۆژی کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەش کردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
هاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا سەبارەت بە هەبونی پەیج و ئەکاونت بەناوی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن، دەڵێت، ستافی وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن یان هەر ناوێکی دیکە، بەڵکو تاکە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەکانی ئێمە لەڕێگەی سایت و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بەم ناونیشانە، (www.facebook.com/KRG.MOHE.Official).