سەركردەیەكی پارتی باس لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی بارزانی دەكات لە كۆنگرەی حیزبەكەیان



سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە كۆنگرەی حیزبەكەیان، مەسعود بارزانیدا ناخرێتە دەنگدانەوە بۆ سەرۆكایەتی حیزبەكە، چونكە ڕەمزی نەتەوایەتی ناخرێتە دەنگدانەوە، بەڵكو رەمز لە نێوان دوو كۆنگرەدا تەنیا متمانەی پێدەبەخشرێت.  

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی رایگەیاندووە "ئێمە ئەندامانی پارتی هەموو كۆكین لەسەر ئەوەی تا ئەو ساتەی خوای پەروەردگار تەمەنی بە مەسعود بارزانی بەخشیبێت، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد، "لە هەموو كۆنگرە و كۆنفرانس و گردبوونەوەیەك جەنابی سەرۆك لە سەرەوەی دەنگدانە، رەمزی نەتەوایەتی ناخرێتە دەنگدانەوە، نە لە هەرێمی كوردستان و نە لە هیچ شوێنێك رەمز ناخرێتە دەنگدانەوە، واتە لە كۆنگرەی داهاتووی پارتیدا ناخرێتە دەنگدانەوە، بەڵكو رەمز لە نێوان دوو كۆنگرەدا تەنیا متمانەی پێدەبەخشرێت".  

بڕیارە لە مانگی داهاتوودا پارتی دیموكراتی كوردستان 14یەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێت، ئەوەش دوای ئەوەی 12 ساڵە ئەو حیزبە كۆنگرەی نەبەستووە.  




PM:08:26:17/09/2022