بۆ تێکشکاندنی داعش وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان واژووکرد.
دەقی بەیاننامەکە
بەیاننامەی هاوبەش لەسەر نوێکردنەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە ڕێکەوتی ٢١ ی ئەیلولی ٢٠٢٢، سیلێست واڵاندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا و شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵا، وەزیری کاروباری پێشمەرگە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیان کرد بۆ بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا. ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە نوێکراوەیە کە بۆیەکەمجار لە سالی ٢٠١٦ دا واژۆ کرا ڕەنگدانەوەی هەماهەنگی دوور مەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پابەندی هاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.
لەڕێی ئەم لێکتێگەیشتنەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندی خۆی بۆ پشیوانیکردنی ڕۆڵ و بەشداری هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە لە پرۆسەکانی تێکشکاندنی داعشدا وەک پێکهاتەیەکی هێزە ئەمنیەکانی عێراق. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هەم دەستنیشانی ئەو بەرەپێشچوونانە دەکات کە لەبواری چاکسازی بنەڕەتی دامەزراوەکاندا بە دەست هاتوون و هەمیش پابەندی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی لەخۆدەگرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شان بەشانی خەڵکی عێراق لە ناویشیاندا خەڵکی هەرێمی کوردستان دەوەستێت لە کاتێکدا عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر و خاوەن سەروەری بنیاد دەنێن.
بۆنەی واژۆکردنی یاداشتنامەکە لە ژێر چاودێری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگە و بە ئامادەیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی ئەنجامدرا کە جەختکردنەوەی پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هەماهەنگی بەردەوامی ئەمنی لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادا لە ژێر چوارچێوەی دەستوری عێراق و پرۆگرامی چاکسازی پێشمەرگەدا.