ماوەی زانكۆلاین درێژكرایەوە


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی زانكۆلاینی بۆ 48 كاتژمێری دیكە درێژكردەوە.
 
عەباس ئەكرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاندووە "لەپێناو پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووانی 12ی ئامادەیی بۆ ئەوانەی تاوەكو ئێستا فۆڕمی (زانكۆلاین)یان پڕنەكردووەتەوە یان تەواویان نەكردووە، بڕیاریان داوە بۆ ماوەی 48 كاتژمێری دیكەش ماوەكەی درێژ بكەنەوە، واتە تا كاتژمێر 12:00ی شەوی پێنجشەممە 29-09-2022 بەردەوام دەبێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "درێژكردنەوەكە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پێدانی دەرفەتی زیاتر بە دەرچووان كە پێشتر بە هەر هۆكارێك بێت نەیانتوانیوە فۆرمی زانكۆلاین پڕبكەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە".




PM:10:50:27/09/2022