بافڵ تاڵەبانی "بێ ئیدانەكردن" لەسەر هێرشەكانی ئێران هاتە دەنگ


بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان "بێ ئیدانەكردن" سەبارەت بە هێرشەكانی ئێران رایدەگەیەنێت "هەمولایەك دڵنیا دەكەمەوە، بەئامانجگرتنی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیری خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و رشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە".

‏‎بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپەیامێكدا بڵاویكردەوە "بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە بۆردومانەكانی ئەمڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان دەڕوانین كە چەندین شەهید و برینداری لێكەوتوەتەوە و دەیان خێزانیش ئاوارەبون، ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و مەترسیدارە كە قوڵایی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنی دەكەین".

تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە، "‏‎هیچ پاساوێك بۆ ئەم سنوربەزاندنە نییە و مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی هەرێم و عێراق، داواكارین خاكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسی و سەربازییەكان بەكارنەهێنرێت و هاوڵاتییان نەكرێنە قوربانیی ململانێكان، داواكارین هەمولایەك خۆڕاگربن و گفتوگۆ بكەنە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان".

سەرۆكی یەكێتی دەڵێت، "‏‎‏‎داوا لە حكومەتی عیراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی خاكی عیراق و هەرێم جێبەجێ بكات، سەروەری وڵات بپارێزێت و رێگری لە پێشێلكاری و چەندبارەبونەوەی هێرشەكان بكات".

بافڵ تاڵەبانی وتویەتی "وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان، هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان راسپاردوە بە دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان رابپەڕێنن و لەخزمەت هەمواندا بن، ‏‎لە كۆتاییشدا دەمەوێت هەمولایەك دڵنیابكەمەوە بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیری خاكەكەمان هەرگیز لەیاد ناكەین و رشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە".

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "هەمولایەك دڵنیا دەكەمەوە، بەئامانجگرتنی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و تێكدانی سەقامگیری خاكەكەمان هەرگیز لەیادناكەین و رشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە".

‏‎راگەیەنراوەكەی بافڵ تاڵەبانی لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ لە راگەیەنراوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و بارەگای بارزانی "ئیدانە"ی ئەو هێرشانەیان كرد.




PM:06:54:28/09/2022