داوای ئاشکراکردنی قوربانییەکانی " تیرۆر " لە سلێمانی دەکرێت


ئەندامێكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان داوا دەکات تاوانباری بکوژانی چالاکوانانی نزیک پەکەکە لە سلێمانی دەستگیربکرێن.

شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆیی كردووە دەڵێت" تیرۆركردنی چالاكوانانی سیاسی گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، لەكاتێكدا هیچ كەسێك لە ئەنجامدەرانی ئەو كردەوانە دەستگیرنەكراون".

هەروەها ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت " ڕۆڵی دەزگا ئەمنییەكان چییە؟ كە چەندین كەسایەتیی بە ئاشكرا و لە شوێنی گشتی تیرۆر دەكرێن، بەڵام دەزگا ئەمنییەكان دەستەوەستان بێ ڕۆڵ و ئەنجامن لە دەستگیركردنی تۆمەتباران".

شیرین ئەمین لە کۆتاییدا داوا لە دەزگا ئەمنییەكان دەكات، بە ئەركی خۆیان هەستن، هه‌م له‌ پاراستنی ژیان و كەرامەتی هاوڵاتیان و هه‌میش لە دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەی بەو كردەیە هەستاون".
 دوێنێ ژنە نووسەر و چالاکوانێک بەناوی زیلان لە سلێمانی تیرۆر کرا، لەم ماوەی چەند ساڵی رابردووشدا چەند لایەنگر وکەسانی مەدەنی سەر بە ( پە کە کە ) تیرۆر کراون کە ژمارەیان دەگاتە ٧ کەس. 




PM:04:07:05/10/2022