وێنە.. تەرمی منداڵێکی ١٦ ساڵەی خۆپیشاندانەکان رادەستی خێزانەکەی کرایەوە


تەرمی ( نیما شەفیق دووست)ی تەمەن ١٦ ساڵ، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دوای برینداربوونی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی شاری ئورمیە، دەستبەسەر کرابوو، چوار شەممە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" ناوەندە ئەمنییەکانی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٥ تشرینی یەکەم، تەرمی نیما شەفیق دووست خەڵکی گوندی زەیندەشت سەر بە شاری سەڵماس و دانیشتووی ئورمیە بە بنەماڵەکەی داوەتەوە هەڕەشەیان لێکردوون کە لە میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان خۆببوێرن".

هەنگاو دەڵێت، نیما شەفیق دووست لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایەی خەڵکی ئورمیە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی لە گەڕەکی (کوشتارگا) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندارکرابوو. دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ و لە کاتێکدا کە لە ژێر زەمینی ماڵی باوکیدا بە نهێنی چارەسەری برینەکەی دەکرا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئاشکرا و دواتر دەستبەسەر کرابوو.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، لەدوای دەستبەسەرکرانی نیما، سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەی لەبارەی چارەنووسی ئەم مێرمنداڵە هیچ زانیارییەکیان پێ نەدراوە، هەتا دوێنێ بانگیان کردوون و تەرمی کوڕەکەیانیان پێداونەتەوە..




PM:09:00:06/10/2022