بەرەکانی شەڕی جەلەولا ئارامە، داعش چی دەوێت لەو ناوچەیە؟

هەرچەندە هێزی پێشمەرگە خۆی ئامادەکردبوو کە شەوی رابردوو شەڕی قورس لەگەڵ چەکدارانی داعشدا بکات، بەڵام بارودۆخەکە ئارامەو تەنها سووکە شەڕ روویداوە.
شەوی رابردوو ١٥ ی ئاب پێشبینی دەکرا داعش لە قۆڵی جەلەولا بە تایبەتی ناوچەی نەقشبەندییەکان هێرش بکاتە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینیەکانەوە هێرش نەکراو ئەو بەرەیە ئارامە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لەهێزی پێشمەرگە کوردتان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە داعش لەبەرەی شەڕ لە گەڵ سووپای عێراق لە ناوچەی عوزەیم بە خراپی شکاوەو ئێستا رۆژ بەرۆژ سوپای عێراق لە کۆنترۆڵکردنی چیای حەمرین نزیک دەبێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتی" ئەگەر سووپای عێراق چیای حەمرین کۆنترۆڵ بکات، بارودۆخی سەربازی داعش بەتەواوی لە باکوری دیالە دەکەوێتە پشێویەوە، چونکە بەرە بەرە هەموو هێزەکانی لە پارێزگای دیالە گەمارۆ دەدرێت و لە هێزەکانی تر دا دەبڕێن کە لە ناوچەکانی هەردوو پارێزگای تکریت و کەرکووکن".  
ئەو سەرچاوەیە پێیوایە ئەو هێرش و گووشارانەی چەند رۆژی رابردوو چەکدارانی داعش کردیانە سەر ناوچەی نەقشبەندییەکان، تەنها مەبەستەکەی " دەیانەوێت ئەو رێگا ستراتیژییە کۆنترۆڵ بکەن تا زامنی رێگای دیالە – خورماتوو بکەن، چونکە ئەو رێگایە هەریەک لە کەلار، جەلەولا، کفری، خورماتوو، پێکەوە دەبەستێتەوە".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو رووبەرەی داعش لە پارێزگای دیالە شەڕی تێدا دەکات، رۆژ بەرۆژ لەلایەن هێزی پێشمەرگەو سووپای عێراقەوە بەرتەسک دەکرێتەوە.
ئەو سەرچێ‌وەیە وتی" لە ئایندەیەکی نزیکدا هێزەکانی داعش بەتەواوی لەو ناوچانە لاواز دەبن و تەنها هێزی بچووک بچووکیان دەمێنیت و کۆنترۆڵکردنی شارو شارۆچکەکان دەدۆڕێنن". 
  




AM:11:41:16/08/2014