هەرچەندە پێشتر باس لەوەدەكرا، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، ژمارەیەكی بەرچاو منداڵ گیانیان لەدەستداوە، ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ناسنامەیان ڕایگەیاند" تا ئێستا ٢٣ منداڵ كوژراون".
بەپێی ئامارێکی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ماوەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا دوێنێ، ٢٠ كوڕ كە تەمەنیان لە نێوان ١١ بۆ ١٧ ساڵ و سێ كچ كە ئەوانیش تەمەنیان لە نێوان ١٦ بۆ ١٧ ساڵ دایە كوژراون.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشكردووە، ١٧ منداڵ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران كوژراون و دوو منداڵی تر بەهۆی چەكی ساچمەیی و چوار منداڵیش بەهۆی بەركەوتنی قورس كە بەر سەریان كەوتووە گیانیان لەدەستداوە.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەروەها باسی لەوەشکردووە، كۆشتنی منداڵان لە چوارچێوەی ناڕەزایەتیەكان نیشان دەدات، كە بەرپرسانی ڕژێمی ئێران دەیانەوێت بە هەر نرخێك بێت، خۆپیشاندانەكان گەلانی ئێران بەزەبری هێز سەركۆت بكەن.