سەركردەیەكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو خاڵانەی ئەوان و پارتی بۆ بەرنامەی حكومەتی نوێی عێراق پێشكەشیان كردبوو لەنێو بەرنامەكەی سودانیدا رەنگی داوەتەوە.
فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (سپی) راگەیاند، ئەو بەرنامەیەی كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دایناوە بەرنامەی لایەنەكانی عێراقە جگە لە رەوتی سەدر، واتە بە بەراورد بە جاران، ئەم بەرنامەیە تەنها سودانی نەینوسیوە، بۆیە بەبێ كێشە لە پەرلەمان تێپەڕی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "ئەو خاڵانەی كە یەكێتی لە كۆبوونەوەكانی پیش پێكهێنانی حكومەت پێشكەشی كردوون و خاڵەكانی پارتیش زۆربەی هەوڵەكانی بۆ چارەسەری كێشەی نەوت بوو، ئەوەش لە بەرنامەكەی سودانیدایە".
ئەسەسەرد وتیشی "هەروەها بۆ یەكەمجارە دوای ماوەیەكی زۆر ماددەی 140 و مەسەلەی كەركوك و ناوچە ناكۆكەكان لە ناو بەرنامەی حكومەتە، بۆیە ئەگەر ئەم حكومەتە بەرنامەكەی جێبەجێ بكات، دوو ئامانجەكەی بەدی دێنێت ئەوانیش، یەكەمیان سەقامگیری سیاسی و ئەمنی بۆ عێراق بگێڕیتەوە وەك سەركەوتنی كابینەكە، پاشان دەتوانێت لایەنە ركابەرییەكەی كە موقتەدا سەدرە پەراوێز بخات، چونكە بەشێكی زۆری بەرنامەكەی هەمان بەرنامەی سەدرە".