حكومەتی عێراق چەند بڕیارێكی گرنگی دەركرد

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دامەزراندنی زیاتر لە 74 هەزار لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر، دكتۆرا و یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، رۆژی  سێشەممە ئەنجومەنی وەزیران دوەمین كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران ئەنجامدا، سەبارەت بە كارئاسانی بۆ كارەكانی وەزارەتی ناوخۆ و تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی كە ڕوبەڕوی هەندێك بوارەكانی كاركردن دەبێتەوە لە وەزارەتەكەدا.

هەروەها بڕیار دراوە بە دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا و یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان، كە ژمارەیان زیاتر لە 74 هەزار كەسە، هاوكات سودانی داوای لە وەزیرەكانی كابینەكەی كرد سەردانی پارێزگاكان بكەن و هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەكان و پەرلەمان هەبێت و ئەو گرێبەستانەی گومانی گەندەڵییان لێدەكرێت هەڵیانبوەشێننەوە و كەسانی تۆمەتبار و كەمتەرخەم بدەنە دادگا. 
 
سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای كردوە كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكەن كە بەدەست كەمی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن لە سێكتەرەكانی (شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، كارەبا، تەندروستی، ژینگە، قوتابخانە) و هەر سێكتەرێكی تر.




PM:11:40:01/11/2022