سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئێستا كاتی خۆیەتی ئەو پەیامە بە هەموو لایەك بگەیەنن كە چیتر یەكێتی بڕیاردانی تاكڕەوی لە حكومڕانیدا قبوڵ ناكات".
ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە "ناكۆكییەكانمان لەگەڵ پارتی ناكۆكی حزبی نین و ناكۆكی دوو بیركردنەوەی جیاوازە، ئەو كاتە تێپەڕیوە كە یەكێتی و پارتی ناكۆكییەكانیان بە ناكۆكی ناخۆشی تێپەڕێنن، رابردوو شاهیدە كە یەكێتی لە زۆر لە قۆناغەكاندا قوربانی داوە و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی گەلەكەماندا لە مافەكانی خۆی خۆشبووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "پێدەچێت ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیەی رابردووی یەكێتی بەشێوازێكی دیكە خوێندنەوەی بۆ كرابێت و وا هەستكرابێت كە یەكێتی لاوازە بۆیە ئێستا كاتی خۆیەتی ئەو پەیامە بە هەموو لایەك بگەیەنێت كە چیتر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاردانی تاكڕەوی لەحكومڕانیدا قبوڵناكات".
ستران عەبدوڵا وتویەتی "دەركەوت سیاسەتی یەكێتی لە بەغداش سیاسەتێكی دروست بوو، چونكە یەكێتی لە بەغداش ستۆپی بە هەندێك بیركردنەوە كرد كە دەیانویست بێگوێدانە لایەنەكانی دیكە دەستوور لە بەرژەوەنی خۆیان هەموار بكەنەوە، بەهەمان شێوە لە كوردستانیش ستۆپ بە بڕیاری تاكڕەوی دەكەین".
لێدوانی ئەو سەركردەیەی یەكێتی لە كاتێكدایە كە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشداری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ناكات.