جەعفەر ئیمینكی، ئەندامی سەركردایەتی و سەركردەی دیاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی هەڵنەبژێردرایەوە و تەنها وەك ئەندامی سەركردایەتی ماوەتەوە.
لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی 17 كەس وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیاریكران، بەڵام جەعفەر ئیمینكی، سەركردە و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەڵنەبژێردرایەوە.
لەو بارەیەوە جەعفەر ئیمینكی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە پۆستێكی لە فەیسبوكی خۆی نوسیویەتی، "ئەمڕۆ لە یەكەمین كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان بەشداربووین، لە بەشێكی كۆبوونەوەكە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی دیاریكران، پیرۆزبای لە هەمویان دەكەین، ناوی من لە لیستی پالێوراوان نەبووە، من بە ئاسایی دەزانم، گرنگ ئەوەیە پارتیمان بەهێزتر بیت".
ئیمینكی دەڵێت، "لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوو بە هەموو دڵسۆزی و خەمخۆری خزمەتی پارتیم كردووە، بە هەمان دڵسوزی و گەرموگوری بەردەوام دەبین."