نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکانی هەرێم هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و دوپاتی کردەوە کە" هەرێم نایەوێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو فاکتەرێکی سەقامگیری ناوچەکەیە".
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە میانەی مەراسیمی کردنەوەی پەیمانگای داهێنان و نوێبوونەوە لە هەولێر لە وتارێکدا ڕایگەیاند" هەرێمی کوردستان دەیەوێت ببێتە فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا و پەیوەندی باشی لەگەڵ هەموو دراوسێیەکانیدا هەبێت، لەگەڵ ئێرانیش بە هەمان شێوە، ئەوەی ئێمە لە تواناماندا بووە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین و نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ".
وتیشی" ئیمە هیچ بیانویەک بۆ مووشەکباران و ناردنی درۆن بۆ سەر کوردستان نابینین و داوا دەکەین سنوورێکی بۆ دابندرێت، ئەمە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە".
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی داوای لە حکومەتی عێراق کرد، لەو مەسەلەیەدا بێتە دەنگ و "سنورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابندرێت".