حكومەت بڕیارێكی لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان دەركرد


وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بڕیارێكیان لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان دەركردووە و لە بڕە پارەیەك خۆش دەبن كە تایبەتە بەو ماڵانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە.  

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا  ڕایگەیاندووە، لە ئێستاوە تا ڕێكەوتی 21-12-2022، ئەو هاوبەشانەی ئاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، ئەگەر پێوەری ئاویان نەبەستاوە و پێوەر ببەستن، سوودمەند دەبن لە داشكاندنی كرێی ئەو مانگانەی لەسەریانە كە پێشتر بڕی 80 هەزار دینار دیاریكرابوو، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان، ئێستا بۆ 20 هەزار دینار لە ناوەوەی شارەكان كەمكراوەتەوە، هەروەها بۆ بڕی 10 هەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شارەكان كەمكراوەتەوە.   

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بە پێچەوانەوە ئەو هاوبەشانەی پابەند نەبن، لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە بڕی 80 هەزار دیناری مانگانەیان بۆ ئەژمار دەكرێت."   

هەروەها دەڵێت "بۆ ئەوەی لەو بڕیاری داشكاندنە سوودمەند بن، پێویستە بەزووترین كات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو یان فەرمانگەی ئاو بكەن، كارمەندان لە پێشوازیتان دەبن بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو و سوودمەندبوون لە داشكاندنەكە."   




PM:03:03:14/11/2022