محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سێ بەرپرسی باڵای دەسەڵاتی فڕۆكەوانی لەكارەكانیان دورخستەوە ئەوەش بەهۆی دوو رووداوی ئاگركەوتنەوە كە لە فڕۆكەخانەی بەغدا روویاندا.
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سودانی بڕیاریداوە بەڕێوەبەری گشتی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی و بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بەڕێوەبەری ئاسایشی فڕۆكەخانە، لە ئەركەكانیان دوور بخاتەوە، بەهۆی دوو رووداوی ئاگركەوتنەوە كە لەفڕۆكەخانەی بەغدا روویاندا.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە "دوای گوێگرتن لە قسەی بەرپرسانی پەیوەندیدار سەبارەت بەو دوو ڕووداوە، سودانی جەختی لەسەر بەدواداچوونی لێكۆڵینەوەكان كردەوە، بۆ ئەوەی هۆكارە ڕاستەقینەكانی پشت رووداوەكان لە ماوەی تەنها دوو ڕۆژدا بزانرێت".