حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدانەی بۆردومانەكانی سەر هەرێمی كوردستن دەكت و داواش لە حكومەتی فیدراڵیی عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە سنوورێك بۆ ئەم هێرش و پەلامارانە دابنێن.
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەن بەڕێوەچوو. دوای كۆبوونەوەكە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "بە توندترین شێوە، سەركۆنەی هێرش و بۆردومانكردنی هەرێمی كوردستان دەكات و داوا لە حكومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات سنوورێك بۆ ئەم هێرش و پەلامارانە دابنێن."
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "ئەنجومەنی وەزیران لە كاتێكدا بە توندترین شێوە، سەركۆنەی هێرش و بۆردومانكردنی سەر هەرێمی كوردستان دەكات و داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەكات كە ڕێز لە سەروەری خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرن و پێویستە حكومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی هەڵوێستی جیددیان هەبێت و سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكاری و هێرش و پەلامارانە دابنێن و چیتر ڕێگەنەدەن سەروەری هەرێم و عێراق پێشێل بكرێت.
هەروەها وتویەتی "لە هەمانكاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، هەڵوێستی نەگۆڕی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك، رێگەی نەداوە و رێگەش نادات، ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی هەرێمەوە تێكبدرێت و هەموو ئەم جۆرە بانگەشانەش رەتدەكاتەوە كە لەمبارەیەوە دەكرێن، چونكە هیچ بنەمایەكیان نییە و لە راستییەوە دوورن."