عەبدوڵای مەلا نوری، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان رایدەگەیەنێت "چەند پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆی لە پەرلەمانی كوردستان فێڵێان كردووە بۆ ئەوەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەكانیان نەخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە و پەسەند نەكرێت".
عەبدوڵای مەلا نوری، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "لە دوای درێژكردنەوەی پەرلەمان (ئەنجومەنی مونافقین) بەشێك لە پەرلەمانتارە موعارەزەو سەربەخۆكان لە كۆنگریەكی رەسمیدا بڕیاریاندا تەنها بایكۆتی پەرلەمان بكەن!!!".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەڵام بە هۆی توڕەبونی رای گشتی جەماوەری موعارەزەو ئەو هەڵا ئیعلامیەی كە لە سەریان دروستبوو، ئا ئەمە وا لە (چەند) پەرلەمانتارێكی (بە حساب سەربەخۆ و موعارەزە دەكات)، (٦) رۆژ دوای دەنگدان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ئەم پەرلەمانتارە سەربەخۆیانە (نوسراوی داوای ئیستیقالە) بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بنێرن، بەڵام لە سەر نوسراوەكەیان (تاریخی پێش رۆژی دەنگدان) بە درێژكردنەوەكەی پەرلەمانیان نوسیوە!!!".
عەبدوڵای مەلا نوری وتویەتی "ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی هەركات ویستیان بڵاوی بكەنەوە، بتوانن خەڵك فریو بدەن بەوەی كە گوایە ئەوان هەر لە سەرەتادا دژی مانەوە بون لە پەرلەمان و نیەتی بایكۆت و مانەوەیان نەبووە!!!
ناوبراو روونیكردۆتەوە "بابەتەكە هەر ئەوەندە نییە، بەڵكو دوای ئەوەی، كە نوسراوەكە دەدەن بە سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵێنی ئەوەشیان لێوەردەگرن، كە پەلە نەكەن و نەیخەنە كارنامەی كۆبونەوەی پەرلەمانەوە، بۆ دەنگدان لە سەر ئیستیقالەكردنیان!، بەڵام وا دیارە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە بەڵێنەكەی پەشیمان دەبێتەوە، بۆیە دوای ئەوەی (سەرۆكی پەرلەمان) لە دانیشتنێكدا هەڕەشەی كرد و وتی: ئەگەر پەرلەمانتارەكان دەوام نەكەن ئەوا غیابیان دەدەین و ئیجرائاتیان لە گەڵ دەكەین (كە بە پێی پەیڕەوە سێ رۆژ غیابی بێ پاساو سزاكەی دەركردنە لە پەرلەمان)".
عەبدوڵا مەلا نوری هەروەها وتویەتی "ئا ئەو هەڕەشەیەی رێواز فایەق، وا لەو چەند پەرلەمانتارە سەربەخۆیە دەكات سەردانی باڤڵ تاڵەبانی بكەن و بەڵێنی ئەوەی لێوەردەگرن، كە ئیدی سەرۆكی پەرلەمان گوشاریان لێنەكات و هەركاتێكیش ئیستیقالەكانیان خرایە دەنگدانەوە (گەر پێیان خۆشبو) ئەوا پەرلەمانتارانی دەسەڵات دەنگی لە سەر نادەن، بۆ ئەوەی لە پەرلەماندا بمێننەوە و ئەو قسەیەشیان بە دەستەوەبێت، كە بە خەڵك بڵێن: ئێمە چی بكەین داوای ئیستیقالەمان كرد، بەڵام بەدەنگدان رەتكرایەوە!".