ئێران؛ ژمارەی ئەو كەسانەی ئەمساڵ لەسێدارە دراون ئاشكرا دەكرێت


رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایدەگەیەنێت، بە جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی 4 بەندكراو، ژمارەی لەسێدارەدانەكان لە ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو تشرینی دووەم 500 كەسی تێپەڕاند.
 
ئەمڕۆ رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاندووە، رۆژی یەكشەممە حسێن ئەردوخانزادە، شاهین ئیمانی مەحمودئاباد، میلاد ئەشرەفی ئاتباتان و مەنووچێهر شەهبەندی بجندی بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و رفاندن لە گرتووخانەی رەجایی شاری كەرەج لەسێدارە دراون و كاتی گرتن و لەسێدارەدانیان كەمتر لە حەوت مانگ بووە.
 
مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئاماری لەسێدارەدان بەراورد بە 5 ساڵی رابردوو، بە رێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بەجۆرێك لە ساڵی 2021دا ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئێران لەسێدارە دراون، 333 كەس راگەیەنراوە، بەڵام لە 11 مانگی ساڵی 2022دا 500 كەسی تێپەڕاندووە.




PM:03:33:05/12/2022