وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەماوەی چەند هەفتەی رابردودا كە بڕیاری دابەشكردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیكراو دەرچوە، نزیكەی 34 ملیۆن لیتر نەوت دابەشكراوە و 169 هەزار و 919 خێزان سودمەند بون.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، تاوەكو 7ی كانونی یەكەم، 33 ملیۆن و 983 هەزار 800 لیتر نەوتی سپی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دابەشكراوە، بە پێی دوایین ئاماری وەبەرهێنانی كانزایی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش، تاوەكو ئێستا 169 هەزار و 919 خێزان لە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی سودمەندبون.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، لە سنوری پارێزگای هەولێر: 8 ملیۆن 454 هەزار و 400 لیتر نەوتی سپی دابەشكراوە و 42 هەزار و 272 خێزان، سودمەندبون، لە سنوری پارێزگای دهۆك: 10 ملیۆن و 697 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەشكراوە و 53 هەزار و 488 خێزان، سودمەندبون، لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: 14ملیۆن و 831 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی دابەشكراوە و 74 هەزار و 159 خێزان، سودمەندبون.
راگەیەنراوەكە ئاماتژەی بەوەكردوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی 70 ملیار دیناری بۆ كڕینی نەوتی سپی، تەرخانكردوە و بەشێوەی تەندەر 320 هەزار بەرمیلی بە نرخی 284 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێك دابینكردوە. هەروەها پاڵپشتیی حكومەت بۆ هەر نرخی بەرمیلێك دەگاتە 65% و هاوڵاتییان تەنیا لە 35% نرخەكەی دەدەن.