بۆری ئاوی ئیفراز سێی هەولێر دەگۆڕدرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت" بە مەبەستی چارەسەری ڕیشەی بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەنەبونەوەی گرفتی شكانی بۆری ئاوی ئیفراز سێی هەولێر، سبەینێ دەست بە گۆڕینی بۆرییەکە دەکرێت". 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" مەسرور بارزانی ڕەزامەندی نیشاندا بە خەرجكردنی گوژمەی ٢٠ ملیار و  ٨٤٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار بە مەبەستی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ لە هەولێر، لە سبەی یەكشەممەشەوە قۆناغی یەكەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆرییەكە دەستپێدەكات و تیمێكی ئەندازیارانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن". 

ئەوەش هاتووە" لەو بڕە پارەیەش بڕی چوار ملیار و ٣٥٤ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە خەرج دەكرێت‌، لە وێستگەی  ناوەندی مەرعودا بە درێژای ٢٧٥٠ مەتر بە بۆری ١.٥ مەتری بۆری كاربۆن ستیل دەستپێدەكات تا دەگاتە ١٠٨ی عەنكاوە لە كۆی ئەو ١١ كیلۆمەترەی كە بۆرییە كۆنەكەی تێدا دەگۆڕدرێت". 



AM:10:54:10/12/2022