هونەرمەندێك رایدەگەیەنێت، باوكی ئەو منداڵەی كە ئەمڕۆ بە پەتی موغەزی گیانی لەدەستدا یەكێكە لە نەوەكانی مستەفا پاشای یاموڵكی، بەڵام "بەهۆی نەبوونییەوە و بە نەخۆشی كوشندە" گیانی لەدەستداوە.
هونەرمەند جەزای ساز، سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "زۆر بەداخەوە بۆ گیان لەدەستدانی پەپولەیەكی خێر لە خۆ نەدیو ساكۆی كوڕی كاكە بەهزادی یاموڵكی كۆچكردوو ئەندامی دەستەی باڵای كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان كە ئەمڕۆ بە كارەساتێكی دڵتەزێن گیانی لەدەستدا".
ناوبراو وتویەتی "بەهزاد یاموڵكی كۆچكردوو لەنەوەكانی مستەفا پاشای یاموڵكی بوو، بەڵام خاوەنی یەك بست زەوی موڵك نەبوو لەم كوردستانە بەنەخۆشی كوشندە و بە نەبوونی و هەژاری سەری نایەوە، ساكۆ مناڵی سێیەمی بوو زۆری خۆش ئەویست هەموو كات بۆ كارو چالاكییەكانی كۆمەڵەكەمان دەستی ئەگرت و لەگەڵ خۆی ئەیهێنا".
ئەمڕۆ پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، منداڵێكی تەمەن 10 ساڵ بەهۆی یاریكردنی بە پەتی موغەزی خنكاوە و سەرەنجام گیانی لەدەستداوە.