وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "لەگفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق مەبدەئیەن رێككەوتوون مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تێكەڵی ململانێی سیاسی نەكرێت".
ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا بە میدیای حزبەكەی راگەیاندووە، لەگفتوگۆكانی چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ شاندی حكومەتی فیدڕاڵ لەسەر خەرجی بەڕێوەبردن و میلاكات گەیشتونەتە رێككەوتن و لە جارەكانی پێشوو كە هاتون بۆ بەغدا گەشبینترن.
ناوبراو روونیكردەوە "مەبدەئیەن موچەی موچە خۆرانی هەرێمی كوردستانمان گەرەنتی كردوە و جەختمان كردوەتەوە لەوەی نابێت موچە تێكەڵی ناكۆكی سیاسی بكرێت، دەشمانەوێت كێشەكانی نەوت بە یاسا چارەسەر بكرێ و بۆ چارەسەری كێشەكان لە نێوان هەرێم و عێراقیش دەستور حەكەمە."
ئەمڕۆش حكومەتی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 400 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگەكانی 11 و 12ی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان.