تیروپشک بۆ دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێکان دەکرێت


دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، تیروپشك بۆ ناوی ئەو كەسانەی فۆرمیان بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوون پڕ كردۆتەوە دوای سەری ساڵی تازە دەكرێت.

د.محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە، 'لیژنە لە هەموو پارێزگاكان بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو ناوانەی پێشكەشیان كردووە بۆ وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوون پێك هاتوون و هەندێكیان هەنگاوی باشیان بڕیوە، بەڵام نەگەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و وردبینیی زۆری پێویستە، چونكە ڕەنگە لەناو خێزانێك چەند كەسێك داواكاریی پێشكەش كردبێت، ئەوەش ئەركی لیژنەكانی قورستر كردووە، بۆیە هەوڵ دەدەین لە ماوەیەكی نزیكدا ناوەكان ڕابگەیەنن.

ناوبراو روونیكردۆتەوە، ئەمساڵ زەحمەتە بتوانن ناوەكان ڕابگەیەنن و ڕاگەیاندنی ناوەكان دەكەوێتە سەری ساڵی داهاتوو، چونكە هێشتا كارەكانی لیژنەكان تەواو نەبوون.

شوكری وتویەتی ''دوای ئەوەی ئەو20 هەزار ناوە ڕادەگەیەندرێن و دەبنە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوون، بەپێی نووسراوی سەرۆكی حكومەت كە بۆ ئێمەی ناردووە، لیستێك دەنووسرێتەوە لە ناوی ئەو كەسانەی دەمێننەوە و دەبێتە لیستی چاوەڕوانی، چونكە ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵك بە نرخێكی گونجاو لە یەكەی نیشتەجێبوون سوودمەند بن.''




PM:04:14:15/12/2022