بەیانی ئەمرۆ هێزی پێشمەرگە لە دوو قۆڵەوە هێرش دەکەنە سەر ناحیەی باقر لە قەراجو بە قوڵایی ١٧ کم و بەپانی ٤٠کم ناوچەکە کۆنترۆل دەکەن، بەپێی سەرچاوەیەکی پێشمەرگە "ژمارەیەک شەهید هەیە".
بەرپرسی کۆمیتەی مەخموری یەکێتی نیشتمانی کوردستان رەشاد گەڵاڵی بە سپی میدیای راگەیاند " کاتژمێر ٦ ی بەیانی لە دوو قۆڵەوە پێشمەرگە دەستی بە پێشڕەوی کرد، میحوەری مەخمور – قەراج و میحوەری سەرگەڕان".
ناوبراو وتی " پێشمەرگە بە قوڵی ١٧ کم و ٤٠ کم بەپانی ٨ گوندی کۆنترۆڵکرد".
گەڵاڵی لە درێژی لێدوانەکەیدا ناوی گوندەکانی هێناو وتی" لە قٶلی مەخمور – قەراج گوندەکانی : کونسی خۆر، گردە کۆشنە، خەزنەو گۆمەشین رزگارکران".
سەبارەت بە قۆڵی سەرگەڕان ئەو وتی " لەم قۆڵەشەوە : چوار گۆمانو پوزینەو گردە رەشو گوڵ گۆمیتە، رزگار کران".
بەرپرسەکەی کۆمیتەی یەکێتی وتی " چەکدارانی داعش تەنها لە پۆزینە بەرگری کردو لەماوەیەکی کەمیشدا لەوێش تێکشکێنران"
سەبارەت بە شوێنی یەکگرتنەوەی پێشمەرگەکانی هەردوو میحوەر، گەڵاڵی وتی" پێشمەرگەی هەردوو میحوەرەکە لە شارەدێ یەکی گرتەوە".
ئەو وتی " چەکدارانی داعش هەموو بارەگاکانی یەکێتی و پارتی مین رێژ کردووە، هەروەها هەرچی گوندی کورد هەیە بەهەمان شێوە بۆمبرێژیان کردووە".
سەرچاوەیەکی ئاگاداری پێشمەرگە لە قەراجەوە بە سپی میدیای راگەیاند زیاتر لە " ٨ پێشمەرگە شەهیدبوون کە زۆربەیان لە رێگای چاندنی ئەو مینانەوەیە کە چەکدارانی داعش چاوندوویانە".
گەڵاڵی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی" ئەمرۆ فرۆکەکانی ئەمەریکا چالاکییان لەبەرەکانی شەڕی قەراج ئەنجام نەدا".