بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و مەزڵوم كۆبانێ، گرفتەكانی بەردەم پرسی كورد لە ناوچەكەو چەندین پرسی دیكەیان تاوتوێكرد و جەخت لە چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان كرایەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە كۆبونەوەكەی بافڵ تاڵەبانی و مەزڵوم كۆبانێ كە لە رۆژئاڤای كوردستان بەڕێوەچو، لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "مەزڵوم كۆبانێ خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی سەرۆك بافڵ بۆ رۆژئاڤا دەربڕی و رایگەیاند، رۆژئاڤا هاوكاری و پشتیوانییە بەردەوامەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبیرناكات كە بەردەوام پشتیوانێكی راستگۆ و دڵسۆزی ئێمە بون، بەتایبەت هێزەكانی دژەتیرۆر كە رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان لە سەرخستنی پرۆسە ئەمنی و سەربازییەكانی رۆژئاڤا دژ بە داعش هەبوە و ئەمەش جێگای شانازیمانە".
لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە "پەرۆشیی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان دوپاتكردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەین تاوەكو گفتوگۆ بكەینە بنەمای چارسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدا".
هەروەها ئەوەشی خستەڕو، "دەمانەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستەكانمان پەیوەندییەكی تەندروستمان هەبێت و ئاشتی و تەبایی بنەمای پەیوەندییەكانمان بێت، ئەمەش میراتی سەرۆك مام جەلالە و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین".