تائێستا 83%ی هاوڵاتیانی هەرێم نەوتیان وەرنەگرتووە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت "ئەوەش نیشانەی شكستی پلانی حكومەتە لەم بوارەدا".
كاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو نەوتەی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەكرێت بەهیچ شێوەیەك لەسەر بنەمای پاڵپشتی نییە بۆ هاوڵاتیان بەڵكو كڕین و فرۆشتنەوەی نەوتە.
گەزنەیی روونیكردەوە، بۆ چارەسەری كێشەی نەوتی سپی جگە لە پەرەپێدانی پاڵاوگەی ناوخۆ، دەكرا كۆگای گەورەی نەوتیش دروست بكرێت و ساڵانە حكومەتی هەرێم لە وەرزی هاوینەوە ئامادەكاری بكات بۆ گەرەنتیكردنی دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان.
هەروەها وتی "تائێستا كە گەیشتوینەتە زستان، تەنها 17%ی هاوڵاتیانی هەرێم نەوتی سپیان وەرگرتوە و 83%یش وەریان نەگرتووە، ئەوەش مانای وایە حكومەتی هەرێم پلانەكەی سەركەوتو نەبوە بۆ دابینكردنی نەوت بۆ هاوڵاتیان".