سەعدی پیرە: هیچ هێزێكی سوپای پاسداران نەهاتووە

‌سەعدی پیرە
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە، لەسەر داوای یەکێتی ھیچ ھێزێکی سوپای پاسدارانی ئێران ھاتبنە کوردستان، دەشڵێت: ئەگەر ھەرکەسێک سوپای پاسدارانی بینیوە، بۆچی وێنەیان ناگرێت و بڵاوی ناکاتەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی رایگەیاند:" ئێمە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆرو ئەو شەڕەی ئێستا بەرۆکی کوردستانی گرتووە، داوای ھاوکاریمان لەھەموو جیھان کرد بەدراوسێکانیشمانەوە، بەڵام لەھیچ وڵاتێک داوای ھێزی سەربازیمان نەکردووە، نە لەتورکیاو نە لەئێران و تەنانەت لە ئەمریکاش".

وتیشی:" لەھیچ وڵاتێک ھێزی سەربازی زەمینی نەھاتووە بۆ ھاوکاریکردنی ھێزەکانی پێشمەرگەو میحوەرەکانی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەڵام ئەوەش ناشارینەوە ڕەنگە سوودمان لەزانیارییەکانی ئەوان وەرگرتبێت لەئەنجامدانی ڕاوێژو گفتوگۆ لەنێوانماندا".

باسی لەوەشکرد، ھێزی پێشمەرگە ئەگەر کێشەیەکیان ھەبێت، ئەوا کێشەی چەکە، نەک ھێزو بەکارھێنانی چەک، وتی:" لەبەرئەوە پێموایە ئەو جۆرە پڕوپاگەندانەی دەکرێن گوایە یەکێتی سوپای پاسدارانی ھێناوە، دوو ڕەھەندی لەپشتەوەیە، یەکەمیان؛ پڕوپاگەندەی داعشە بۆ ئەوەی گەنجانی سوننە پەیوەندییان پێوەبکەن، دووەمیش؛ پینەکردنی کەموکوڕییەکی ترەو دەیانەوێت بەوە پینەی کێشەیەکی گەورەتر بکەن".

ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی پرسیاری ئەوەشیکرد، ئەگەر ھەرکەسێک سوپای پاسدارانی بینیوە، بۆچی وێنەیان ناگرێت و بڵاوی ناکاتەوە، چونکە وەکو دەڵێت:"خۆ لەمەریخ نین ئەگەر ھاتبن".




PM:05:38:26/08/2014