زانیاری لەسەر كۆتایی هاتنی باران و بەفر و هاتنی بایەكی سارد


بڕیارە لە ئێوارەی سبەینێ دوشەممەوە ئەو شەپۆلە بەفر و بارانبارینەی چەند رۆژێكە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی گرتۆتەوە كۆتایی بێت، بەڵام  بایەكی وشك و سارد هەرێم دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاندووە، سبەی دوشەممە كاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانبارین لەزۆربەی ناوچەكان كۆتایی دێت، لەناوچەكانی سنوری پارێزگای دهۆك و هەولێریش ئاسمان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور، لەناوچەكانی سنوری پارێزگای كەركوك و ئیدارەی راپەرینیش بەزۆری نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ نمەباران لەهەندێك كاتدا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لەناوچەكانی باكوری گەرمیان و سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بارانبارینی مامناوەند و پچر پچر لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویەكاندا تا كاتەكانی ئێوارە بەردەوامیان دەبێت، لەشەویشدا كاریگەری لەسەر ئەم ناوچانەش كۆتایی دێت و ئاسمان ساماڵ دەبێتەوە.

وەك ئاراس جەبار روونیكرۆدتەوە، لەگەڵ ساماڵ بوونی ئاسمان، بایەكی وشك و سارد لەناوچە شاخاویەكانی رۆژهەڵاتی هەرێم بەخێرای 15-20 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا بە ئاڕاستەی باكوری رۆژهەڵات چالاك دەبێت، پلەكانی گەرماش بەشێوەیەكی جێگیر دەمێننەوە.




PM:11:37:08/01/2023