ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی مەسرور بارزانی و محه‌مه‌د شیاع سودانی بڵاوكرایه‌وه‌

ئه‌مڕۆ مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی له‌باره‌ی ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی و شایستە داراییەکانی هەرێم کۆبوونەوە. 

نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان (کاربەڕێکەر) له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" ئه‌مڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانى، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆبووه‌وه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جەخت لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور و كارنامەی وەزاری کرایەوە". 

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، کە" ئەگەر نیازی چارەسەری هەبێت زۆر ڕێگە هەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئێمە ڕێککەوتنی لایەنەکان و کارنامەی وەزاریی حکومەتمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان".

لای خۆشیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق دوپاتیکردەوە" خواستێکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشت هاوڵاتییانی عێراقدا بێت". 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌" تەوەرێکی سەرەکی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بە تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و وردەکاییەکانی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی، هەروەها گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی کرا هەروەک لە ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزیدا هاتووە، هاوڕابوون لەسەر پێویستی جارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ هەردوو تەوەری پەیوەندیدار بودجە و نەوت و گاز لە چوارجێوەی دەستووردا". 

هەر لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە" گرنگی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستور و دەستەبەرکردنی مافە دەستورییەکانی هێزی پێشمەرگەی کورستان وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراقی فیدراڵ و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو". 



PM:04:41:11/01/2023