یەکێتی دەیەوێت ئەنجومەنی باڵای سیاسی ئاکتیڤ بکات


ئەنجومەنی باڵای سیاسی کە لە کۆنگرەی یەکێتیەوە هیچ دەورێکی نەبووە، دوای ئەو دەنگوباسانەی بڵاوکرانەوە لەسەر هەڵوەشانەوەی، مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی دەیانەوێت ئاکتیڤی بکەن، بەتایبەتی لەم دۆخەدا کە یەکێتی پیایدا تێدەپەرێت و ناکۆکیەکانی لەگەڵ پارتی لە لوتکەدایە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی، کە نەویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ماڵپەڕی ( سپی) راگەیاند" ئێستا لەناو کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی و کارگێڕ و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی کە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی دەبێت رۆڵی خۆی بگێڕێت".

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکرد کە بەرەسمی رەفعەت عەبدوڵڵا و فەرید ئەسەسەرد و ئارێز عەبدوڵڵا، سەردانی مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵایان کردووە، بۆ چۆنێتی ئاکتیڤکردنی رۆڵی ئەنجومەنی باڵا بۆ لەمەودوا، وەک سەرچاوەکە جەختیلێکردەوە" وەفدەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە یەکێتی لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە رۆڵی ئەنجومەنی باڵا هەیە".

هەروەها سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە فەرید ئەسەسەرد و ئارێز عەبدوڵا، سەردانی هەریەک لە عومەر فەتاح و حاکم قادریشیان بۆ هەمان مەبەست کردووە.

 "هەر سێ ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵا، داخوازییەکەی مەکتەبی سیاسیسان رەت نەکردۆتەوە، بەڵام بیروبۆچونی تایبەتی خۆشیان هەبووە بۆ چۆنێتی، راپەڕاندنی ئەرکەکان. ( وەک سەرچاوەکەی سپی رایگەیاند).

لە بارەی چۆنێتی ئاکتیڤکردنەوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی پێویستی بە کۆبونەوەی ئەنجومەنەکە هەیە، بۆ ئەوەی بەرەسمی قسەی لەبارەیەوە بکەن.

مانگی رابردوو هەندێک میدیا هەواڵی هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی باڵایان لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە بڵاوکردەوە، بەڵام دواتر سەرۆکی یەکێتی ئەو هەواڵەی رەتکردەوە.




PM:07:06:12/01/2023