وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر رووداوەكەی شاری مێردین كە پێنج هاوڵاتی شاری دهۆك كوژران، كونسوڵی توركیای لە هەرێم بانهێشتكرد.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاندووە، وەزارەتی ناوخۆ بانگهێشتی كونسوڵی گشتی توركیای كردووە و بۆئەوەی ناڕەزایەتی هەرێمی سەبارەت بەو رووداوە پێی رابگەیەنرێت.
دزەیی ئاماژەی بەوەدا، داواكراوە بە زووترین كات بەدواداچوونی جددی بۆ ئەو رووداوە بكرێت و ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی رابگەیەندرێت، هەروەها ئەوانەشی لەپشت ئەو هێرشەوە بوون، لەرێگەی دادگاوە سزا بدرێن.
شەوی رابردوو لەسەر رێگەی (نسێبین)ی سەر بە پارێزگای مێردین لە باكووری كوردستان هێرشی چەكداری كرایە سەر پێنج ئەندامی یەك خێزان كە دانیشتووی پارێزگای دهۆك بوون، لە ئەنجامدا هەموویان گیانیان لەدەستدا.