دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بەم نزیكانە پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە و ئاماژەی بەوەشكردووە، گۆڕان پێشنیاری كردووە هەڵبژاردن بكرێتە فرەبازنەیی.
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو، دێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، پارتی و یەكێتی بەم نزیكانە كۆدەبنەوە.
ناوبراو روونیكردۆتەوە، بزووتنەوەكەیان پێشنیاری بۆ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە كە، هەڵبژاردن بكرێتە فرە بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری بكرێت.
دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان حزبە سیاسییەكان، دلێر عەبدولخالق، وتویەتی "پەیامی ئێمە وەكو گۆڕان ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە یەكگرتوویی و یەكدەنگی نێو هەموو لایەنە سیاسییەكان هەیە، بەوانەی لە دەسەڵاتن و بەوانەش كە لە ئۆپۆزیسیۆنین، هەموومان بەرژەوەندی هاوبەشمان لەسەر شانە بۆ وەڵامدانەوەی داوا و پێداویستییەكانی هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان. لە پێشی هەموویانەوە باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتییە، چونكە ئێمە سێ لایەنین حكومەتمان پێكهێناوە و كێشە بۆ میكانیزمەكانی حكومەت دروستبووە بەهۆی پەیوەندییە خراپەكانی نێوان پارتی و یەكێتی".