سێ لایەنە چەپەكە هەڵوێستی خۆیان لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی راگەیاند


سێ لایەنە چەپی كوردستان دژی بڕیارەكەی ددی فیدراڵی عێراقن سەبارەت بە "نایاساییبوون"ی ئەو پارانەی كە حكومەتی عێراق بۆ كوردستانی ناردووە و داوای هەڵوێست لە حكومەتی هەرێم دەكەن.

دەقی راگەیەنراوەكە..

لە هەنگاوێكی چاوەڕوانكراو بەنیسبەت ئێمەوە لە لێژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان، دادگای ئیتحادی عێراق وەك ئاڕاستەكانی ساڵانی پێشتری، بڕیارێكی دیكەی خستە سەر بڕیارە كەڵەكەبووەكانی دیكەی دژ بە هەرێمی كوردستان‌و گەلە خۆڕاگرەكەی.

ئەم بڕیارە دادگای ئیتحادی بە نادەستووری دانانی ناردنی 400 ملیار دینار لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان، كە بەشێك بووە لە ڕێكەوتنی دامەزراندنی حكومەتی فیدڕاڵ و، لەلایەن سەرجەم لایەنەكانی دامەزرێنەری حكومەت مۆركرا، لایەنە سیاسیەكانی كوردستان ئەم بابەتەیان بە دەستكەوتێكی زۆر گرنگ دەزانی، بەڵام زۆر بە ڕوونی دەركەوت كە ئەم بڕیارەی دادگای ئیتحادی بەشێكە لە گەمەیەكی سیاسی دەسەڵاتدارانی عێراق، كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە وەزیری دارایی دەڵێت ئەو بڕە پارەیە بنێرەو، وەزیری دارایی قایل نابێت‌و، پاشان لە دادگای ئیتحادی سكاڵا دەكرێت و، ئەم جۆرە بڕیارە وەردەگیرێت.
 
ئەم بڕیاڕەی دادگای ئیتحادی تەواوكەری بڕیارەكانی دیكەیە، كە ناردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان بە نادەستووری دادەنێت و، بڕیاری 230ی هەمان دادگا دژ بە بڕگەیەكی یاسایی، كە لە چوارچێوەی هزری یەكسانی لە مافداو نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ساڵی 2008 لەلایەن پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوەو، ئەم دادگا ئیتحادیە بە نا دەستووری دایدەنێت، كەچی ئەم دادگایە بێ دەنگە لە نەبوونی پەنجا یاسا كە دەبوایە بەپێی دەستوور بوونی هەبوایە.

ئێمە لە لێژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستانی چاوەڕێی ئەم جۆرە هەڵوێستانە لە دادگای ئیتحادی و ئەوانەی كە ئاڕاستەی دادگای ئیتحادیش دەكەن‌و نەخشەی كاریان بۆ دادەنێن، دەكەین و، هیچ كاتێك ئەم بابەتە جێگای سەرسوورمان نییە، بەڵام ئەوەی دڵگرانی كردووین نەبوونی هەڵوێستە بە یەك پاكیجی لەلایەن دەسەڵاتداران و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لە كوردستاندا، چونكە بینیمان تەنها ناڕەزارییان سەبارەت بە بابەتی نەوت و 400 ملیار دینارەكە دەربڕی، بەڵام لە ئاست ناڕەزایی سەبارەت بە بڕیارەكەی داگای ئیتحادی كە مافی ژنان پێشێل دەكات بێ دەنگ بوون و، سەرجەم هەڵوێستەكانی پێشتریش تەنها ناڕەزایی دەربڕین بووە.

هەڵوێستەكانی حكومەتی ئێستای عێراق‌و حكومەتەكانی پێشتریش و بڕیارەكانی دادگای ئیتحادی ئاماژەیەكی ڕوونە، كە بابەتی توافق‌و هاوسەنگی‌و شەراكەت دەمێكە لە پرۆسەی سیاسی عێڕاقدا نەماوەو، سەرجەم ئەو لایەنە دەسەڵاتدارانە لە دەوڵەتی عێراقدا ململانێی بوون لەگەڵ گەلی كوردستاندا دەكەن، كەچی دەسەڵاتدارانی كوردستان لەم هەلومەرجەدا خەریكی ململانێی ناوخۆیین، كە ناسەقامگیری ناوخۆیی بۆ هەرێمی كوردستان درووست كردووە و، ڕاكەڕاكەیانە بۆ چوونە بەغداو خەیاڵیان لای پرۆسەیەكی سیاسی شكستخواردووە، كە ئامادە نین هەڵسەنگاندن‌و پێداچوونەوەی بۆ بكەن و، لەوە دەچێ تەنیا بەوە ڕازی بن كە سەرۆك كۆمارو ئەندامانی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆك وەزیران‌و چەند وەزیرو بەڕێوبەری گشتییان لە بەغدادا هەبێت لە سایەی پرۆسەیەكی سیاسییدا، كە چەندین ساڵە كۆتایی هاتووەو دەوڵەتی قوڵ حوكمی راستەقینەی عێراق دەكات.

گەلی كوردستان چاوەڕێی هەڵوێستی ڕوونتر لە حكومەتی كوردستان‌و لایەنە سیاسییەكان دەكات. هەڵوێستێك كە پەیوەندی بە ناوەڕۆكی خودی پرۆسە سیاسییە شكستخواردووەكەی دەوڵەتی عێراق بێت. 

لێژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان
(حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان، بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان)






PM:04:23:26/01/2023