پارتی دیموكراتی كوردستان گۆڕانكاری لە پۆستی بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەدا كرد كە لە پشكی خۆیەتی و كاندیدێكی خۆی دەستبەكاربوو.
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ عەبدولخالق باپیری، وەك بریكاری وەزیری پێشمەرگە لە شوێنی سەربەست لەزگین، بریكری پێشوو دەستبەكاربوو، بەهۆی ئەوەی سەربەست لەزگین دوای كۆنگرەی 14ی پارتی بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی نوێی پارتیش، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەبێت دەستبەرداری پۆستە حكومییەكانیان بن.
ئەو گۆڕانكارییەی پارتی لە پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە لە كاتێكدایە بڕیارە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش گۆڕانكاری لە وەزیری پێشمەرگەدا بكات كە پێشتر شۆڕش ئیسماعیل بوو، بەڵام دوای دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی، رێباز بێركۆتی كاندیدی یەكێتی بڕیارە ببێتە وەزیری پێشمەرگە، بەڵام بۆ دەستبەكاربوونی پێویستی بە سوێندخواردنیەتی لە پەرلەمانی كوردستان.