خەڵاتەكەی پێشكەش بەو منداڵە ئێزیدییانە كرد كە لەشاخی شەنگال گیانیان لەدەستدا
مەمەد ئەكتاش
سینەماكارێكی كورد گەورەترین خەڵاتی فێستیڤالی ئاماندای نۆروێژی بەدەستهێنانو خەڵاتەكەشی پێشكەش بە منداڵانی ئێزیدی كرد كە لەشاخی شەنگال گیانیان لەدەستدا.
سینەماكاری كورد "مەمەد ئەكتاش" بە سیناریۆی فیلمی سینەمایی "نامەیەك بۆ پاشا" گەورەترین خەڵاتی نۆڕوێژی بە ناونیشانی "ئاماندا"ی بەدەستهێنا و خەڵاتەكەی پێشكەش بە منداڵانی كوردی ئیزەدی كرد كە لە چیای شنگاڵ گیانی خۆیان بەخت كرد.
سینەماكارانی كورد "مەمەد ئەكتاش" و "هیشام زەمان" بە سیناریۆی فیلمی سینەمایی "نامەیەك بۆ پاشا" Letter to the king لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاماندا" AMANDA لە شاری هاوگسۆن Hevgusan لە وڵاتی نۆڕوێژ بەشدارییان كرد و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە گەورەترین خەڵاتی نۆڕوێژ بە ناونیشانی "ئاماندا" بەم هونەرمەندە كوردانە بەخشرا.
لە ڕێوڕەسمی كۆتایی ئەم خەڵاتە ساڵانەیەدا "مەمەد ئەكتاش" سیناریۆنووس و هەروەها "هیشام زەمان" دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "نامەیەك بۆ پاشا" ئامادەبوون و لە بەشە جۆراوجۆرەكاندا لەوانە: بەشەكانی باشترین فیلمی سینەمایی، باشترین ئەكتەری ئافرەت و پیاو، باشترین فیلمی نۆڕوێژی، باشترین دەرهێنان، باشترین فیلمی منداڵان، باشترین دیكۆمێناری، باشترین كورتە فیلم، باشترین سیناریۆ، باشترین وێنەگرتن، باشترین دیمەنە تایبەتەكان، باشترین موزیك، باشترین دیزاینی دەنگ، باشترین دیزاینی سەحنە و باشترین فیلمی بیانی، خەڵات بەسەر هونەرمەندانی سەركەوتوو دابەشكرا.
دوای بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگ و گەورەیە كە بە خەڵاتی ئۆسكاری وڵاتی نۆڕوێژ ناسراوە، "مەمەد ئەكتاش" سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی "نامەیەك بۆ پاشا" هاتە ئاخاوتن و گوتی: ئەم خەڵاتە پێشكەش بە منداڵانی كوردی ئیزەدی دەكەم كە لە چیای شنگاڵ گیانی خۆیان بەخت كرد. هیوادارم ئەوانیش وەكوو كوڕی من "چیا" CIYA كە لە نۆڕوێژ دەژی لە وڵاتی خۆیان لە كوردستاندا لە ناو ئازادی و ئاشتیدا بژین.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاماندا" بە نمایشی كۆمەڵێك فیلم لە چەندین بەشی پێشبڕكێی لە ڕۆژانی 16 تا 22ی ئاب / ئۆگۆستی 2014 لە شاری هاوگسۆن لە وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێوەچوو.
هەر لەم فیستیڤاڵەدا "ژۆلیت بینووش" Juliette Binoche ئەكتەری ناوداری سینەمای جیهان و هەڵگری خەڵاتەكانی ئۆسكار و چڵەبەڕووی كان، بە فیلمی سینەمایی "هەزار جار شەو خۆش" A thousand times good night لە دەرهێنانی "ئێریك پۆپ" توانی خەڵاتی گەورەی باشترین ئەكتەری ئافرەت بەدەستبێنێت.
فیلمی سینەمایی "نامەیەك بۆ پاشا" لە دەرهێنانی هیشام زەمان ساڵی پار لە فیستیڤاڵی فیلمی یۆتۆبری Göteborg لە وڵاتی سوید گەورەترین خەڵاتی باشترین فیلمی باكووری ئەورووپای بەدەستهێنابوو.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.filmfestivalen.no/article1117600.ece
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی كۆمپانیای "میتۆس فیلم".
PM:03:19:31/08/2014