بانكی ناوەندی عێراق پاكێجی دوەمی ئاسانكاری بۆ بەدەستهێنانی دراوی بیانی راگەیاند و بەپێی پاكێجەكەش، هاوڵاتیان دەتوانن ئەو بڕە پارانەی كە ڕێگەیان پێدراوە بیگوازنەوە تا زۆرترین بڕی حەوت هەزار و 500 دۆلار لە مانگێكدا.
بانكی ناوەندی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، جگە لەوەی لە پاكێجی یەكەمی ئاسانكارییەكانی بانكی ناوەندیدا بۆ سەقامگیركردنی نرخی ئاڵوگۆڕكردن پێشكەشی كردوە ئەمڕۆ بەفەرمی پاكێجی دوەم رادەگەیەنن.
پاكێجی نوێی بانكی ناوەندی:
یەكەم: پارەداركردنی بازرگانی دەرەكی ڕاستەوخۆ لە چینەوە و بە دراوی یوانی چینی ڕێكدەخرێت، لە ڕێگەی دو بژاردەەوە:
بژاردەی یەكەم: بەهێزكردنی باڵانسی ئەو بانكە عێراقیانەی كە حسابیان لەگەڵ بانكە چینییەكان هەیە بە دراوی یوانی چینی.
بژاردەی دوەم: بەهێزكردنی باڵانسی بانكەكانی عێراق لەڕێگەی هەژماری بانكی ناوەندییەوە بۆ سودمەندی كۆتایی بە دراوی یوانی چینی لەڕێگەی هەژمارەكانمان لەگەڵ بانكی (JP Morgan) و بانكی گەشەپێدان لە سەنگافورە.
دووەم: ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی دارایی بۆ ئەمریكا و ئەوروپا بەهەمان میكانیزم دواتر وردەكاریەكەی دەخرێتەڕو..
سێیەم: ئەو بەڵگەنامانەی كە پێویستن بۆ پێشكەشكردن بۆ ئەو حەواڵە دەرەكیانەی پێشتر باسكراون بریتی دەبن لە: لیستی بازرگانی (فاكتۆر) تەنها، یان نامەی قەرز، بەمەرجێك دواتر كڕیار بەڵگەی هاتنە ژورەوەی كاڵاكان بۆ بانكەكە دابینبكات.
چوارەم: ڕێنمایی ورد دەردەچێت بۆ خستنەڕوی دۆلار و كارئاسانی زیاتر بۆئەوانەی پێشتر باسكراون.
پێنجەم: ڕێكخستنی یەكلاكردنەوەی دارایی بۆ بریكاری كۆمپانیاكانی گواستنەوەی پارە (وێستەرن یونیون و مۆنیگرام ) لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی كلاس A لە ڕێگەی بانكێكی عێراقی بە یەك حسابی یەكلاكردنەوە بۆ سەرجەم ئەو كۆمپانیایانە.
شەشەم: هاوڵاتیان دەتوانن ئەو بڕە پارانەی كە ڕێگەیان پێدراوە بیگوازنەوە تا زۆرترین بڕی حەوت هەزار و 500 دۆلار لە مانگێكدا، لە ڕێگەی بریكاری كۆمپانیاكانی گواستنەوەی پارە ( وێستەرن یونیون و مۆنی گرام) بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك، بانكی ناوەندیش لە ڕێگەی پەنجەرەیەكەوە هەژماری ئەم بریكارانە بەهێز دەكات كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی.
حەوتەم: خشتەیەك بڵاودەكرێتەوە كە ناوی بریكارە ڕێگەپێدراوەكان و شوێنەكانیان لەخۆدەگرێت، بۆئەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت بڕە پارەی شەخسی بۆ بەكارهێنانی جۆراوجۆر (وەك یارمەتی خێزانی، یان بەكارهێنانی سادەی بازرگانی) بگوازنەوە، دەتوانن ڕاستەوخۆ بچنە ئەو بریكارانە (بانكەكان)، كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن، یان هەر لایەنێكی تر كە مۆڵەتی بانكی ناوەندی هەیە یان دواتر مۆڵەتی پێدەدرێت، بۆ گواستنەوە بە نرخی فەرمی.
هەشتەم: بەكارهێنانی نوێ زیاد دەكرێت بۆ فرۆشتنی دۆلاری نەختینەیی، ئەمەش بەشدارە لە فراوانكردنی بنكەی فرۆشتن بۆ هاوڵاتیان بۆ ئاسانكاری لە پێدانی پابەندبونەكانیان بە دۆلاری ئەمریكی، بە شێوەیەك كە پێچەوانەی گشتاندنەكانی ئێمە نەبێت، هەروەها ئەو ڕێنمایانەی پێشتر دەرچون لەلایەن حكومەتەوە.
نۆیەم: ڕێگەدان بە بانكە حكومی و ئەهلیەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن لە پۆلەكانی A و B بۆ فراوانكردنی فرۆشگاكانی فرۆشتنی كاش دۆلار لە هەریەكێك لە لقەكانیان، بەمەرجێك كە ئەمە تەنها لە ڕێگەی پلاتفۆرمی FITR بێت، هاوكات ئاگادارمان بكەنەوە لە پێویستی زیادكردن و هەمەچەشنكردنی جوگرافی دابەشكردنی ئەم فرۆشگایانە.