گۆڕانكاری لە شێوازی دابەشكردنی مووچەدا دەكرێت


حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێكردنی دەستپێشخەری (هەژماری من) رادەگەیەنێت كە بەهۆیەوە دابەشكردنی مووچە دەكرێتە حساباتی بانكی بۆ فەرمانبەرانی كەرتی گشتی و خانەنشینان.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی نزیكەی 850 كارمەندی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوون لە هەولێر بە دیجیتاڵی دەخرێتە سەر هەژمارە بانكییە نوێیەكانی فەرمانبەران.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە، (هەژماری من) رێگایەكی پارێزراو و شەفاف و گونجاوە بۆ فەرمانبەرانی حكومەت و خانەنشینان، بۆ ئەوەی بتوانن لە رێی تۆڕێك لە ئامێری ڕاكێشانی پارەوە (ATM) مووچەكانیان وەربگرن كە لە سەرووی هەزار شوێن لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا بەردەست دەبن.

دەقی پەیامەكەی مەسرور بارزانی..

ئەمڕۆ دەستپێشخەریی (هەژماری من) دەست پێدەكات، كە بەرنامەیەكی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی كەرتی گشتی و خانەنشینان. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لە میانەی قۆناغی تاقیكاریی ئەم دەستپێشخەرییەدا، مووچەی نزیكەی 850 كارمەندی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوون لە هەولێر بە دیجیتاڵی دەخرێتە سەر هەژمارە بانكییە نوێیەكانی فەرمانبەران. بە سوود وەرگرتن لەم دەستپێكە، پڕۆژەكە فراوانتر دەكەین و لە مانگی حوزەیرانەوە كار لەسەر ئەوە دەكەین كە لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوودا پێدانی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێم دیجیتاڵی بێت.

(هەژماری من) ڕێگایەكی پارێزراو و شەفاف و گونجاو بۆ فەرمانبەرانی حكومەت و خانەنشینان دەڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێی تۆڕێك لە ئامێری ڕاكێشانی پارەوە (ATM)، مووچەكانیان وەربگرن، كە لە سەرووی 1000 شوێن لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا بەردەست دەبن. جگە لەوەش، فەرمانبەرانی كەرتی گشتی، دەستیان بە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەكانی بانك دەگات، لەوانە قەرز، توانای پاشەكەوتكردن، حەواڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، توانستی پارە ڕاكێشانی نێودەوڵەتی و پارەدانی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی.

ئەم دەستپێشخەرییە، بە دڵنیاییەوە، دەبێتە هۆی مۆدێرنكردنی كەرتی بانكی و خێراكردنی پرۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵیمان و گەشەپێدانی ئابووریمان و لە هەمانكاتدا پشتبەستنمان بە مامەڵەی كاش كەم دەكاتەوە، بەمەش كارایی و شەفافیەتی حكومەت زیاتر دەكات.

(هەژماری من) یەكێكە لەو دەستپێشخەرییە درێژخایەنانەی كابینەی نۆیەم، كە بۆ بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و زیادكردنی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان و ئاسانكاری بۆ بازرگانی لە كوردستاندا دەیخاتەڕوو. لەم ڕووەوە ، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە فراوانكردنی ئەم دەستپێشخەرییە و ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر بۆ هاندانی زیاتری پارەدانی دیجیتاڵی.

سوپاسی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەكەم بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە سەرپێخستنی ئەم دەستپێشخەرییە و بۆ هەوڵی بەردەوامیان لە بواری چاكسازیدا.





PM:09:45:28/02/2023