راگەیەندراوی قوباد تاڵەبانی لەسەر كێشەی زیادكردنی نرخی بەنزین
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا سەبارەت بە زیادكردنی نرخی بەنزین دەڵێت "پاش ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی هەرێم بەو بڕیارەدا دەچینەوە".
دەقی راگەیەنراوەكە
لە ساتی دیاری کردنی نرخی سوتەمەنی لە ھەرێمی کوردستان ھەندێک لێدوانی ناتەندروست دەبیستین ، خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە دیاری کردنی نرخی سوتەمەنی پەیوەستە بەو قەیرانە ئابوری و سیاسی و سەربازیەی کە لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان دوچاری بۆتەوە ھەر لە نەھاتنی ھەشت مانگ بودچە لە حکومەتی ناوەندی بۆ ھەرێمی کوردستان و توش بوونی شەرێکی نەخوازراو ئاوارە بوونی زیاتر لە ھەشت سەد و پەنجا ھەزار کەس بۆ ھەرێمی کوردستان . بۆیە ئەولەویەتی لیژنەی نەوت و گاز لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا دابین کردنی مووچەیە بۆ فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان، بێگومان بریاری دیاری کردنی نرخی سوتەمەنی بەم شێوەیە پەیوەستیدارە بەو قەیرانانەی کە لە ھەرێمی کوردستان دروست بوونە بۆ ئەمەش ئێمە لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەھەموو رەنگە جیاوازەکان و بە ھەموو پارتە سیاسیەکان پێکەوە ھاورابووین لە دیاری کردنی نرخی سوتەمەنی و بەیەکەوە ھەماھەنگ بوین بۆیە پێویست ناکات ھیچ لایەک موزایەدە بەسەر ئەوی تر بکات و یەکتر تاوانبار بکەن.
ھیوادارین خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانی ناو حکومەت و پەرلەمان و ئۆرگان و ناوەندەکانی تری دەرەوەی حکومەت بە گیانی بەرپرسیارێتی برواننە ئەو دۆخەو لەگەڵ ئەو بریارانە مامەڵەی تەندروست بکەن .چونکە شێواندنی ئەو بابەتانە لە بەرژەوەندی ھیچ لایەکدا نیە وە ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە لە کاتی ئاسایی بوونەوەی دۆخی ھەرێمی کوردستان بەو بریارانەدا دەچینەوە. وە بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەبین و ھەمیشە لەھەوڵ و خزمەت کردنتان بەردەوام دەبین .
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
PM:10:58:02/09/2014