قوباد تاڵەبانی و ستافی یەکێتی ناگەڕێنەوە بۆ نێو حکومەت ( وردەکاری لە سپی بخوێنەرەوە )

زیاتر لە چوار مانگە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی و دواتریش ستافی یەکێتی لە حکومەت، بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران ناکەن، ماڵپەڕی ( سپی ) زانیوویەتی قوباد تاڵەبانی و ستافی حکومی یەکێتی ناگەڕێنەوە نێو حکومەت تا پێکهێنانی کابینەی نوێ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، لەبەر چەند هۆکارێک کە سیاسی و شەخسییە، قوباد تاڵەبانی و ستافی حکومی یەکێتی ناگەڕێنەوە نێو کابینە سێ قۆڵیەکەی پارتی و یەکێتی و گۆڕان کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات.

لەبارەی هۆکارە " شەخسیەکە " بەپێی زانیارییەکانی " سپی " قوباد تاڵەبانی جارێکی تر کار لەگەڵ مەسرور بارزانی ناکات و ئەستەمە ئەم دوو بەرپرسەی پارتی و یەکێتی کە پۆستی سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیرانیان هەیە، پێکەوە هەڵبکەن. 

هەرچی لە ڕووی سیاسیەوەیە، بەپێی زانیارییەکانی " سپی " یەکێتی گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی گەڕانەوەی جێگری سەرۆکی حکومەت و ستافی حکومی یەکێتی بۆ نێو حکومەت، کاریگەری زۆر خراپ لەسەر بنکەی جەماوەری یەکێتی دروستدەکات.

" یەکێتی " پێیوایە بە گەڕانەوەی ستافەکەی بۆ نێو حکومەت نەک بە تەنها لەلای جەماوەری یەکێتی، بەڵکو لەلای خەڵکی کوردستانیش هیچ ماتمانەیەکی نامێنێت و ناتوانێ هیچ جموجوڵێکی سیاسی لەگەڵ لایەنەکان بکات لە هەڵبژاردندا، بەتایبەتی کە هەرێمی کوردستان کراوە بە  چوار بازنەی هەڵبژاردنەوەو دەکرێت لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش لیستەکان هەماهەنگی و هاوپەیمانێتی گرێ بدەن. 

هەموو ئەو زانیاریانەی لە چەندین سەرچاوەوە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە قوباد تاڵەبانی و ستافی حکومی ناگڕێنەوە بۆ نێو کابینەکەی مەسرور بارزانی.

بەپێی زانیاریەکانی " سپی " یەکێتی هەڵوێستی " بایکۆتکردن " ناگۆڕێت و بە " کشانەوە" لە حکومەت، چونکە لەلایەکەوە یەکێتی بە درێژایی ٣١ ساڵی حوکمڕانی هەرێم ئۆپۆزسیۆن نەبووە، هەروەها نایەوێت هەڵوێستی خۆی لەگەڵ پارتی بگەیەنێتە ئەو ئاستە.

رۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبوونەوە هەفتانەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردو دوای ماوەیەکیش ستافی حکومی یەکێتیش چوونە پاڵە جێگری سەرۆکی حکومەت و بایکۆتیان کرد.

رۆژی یەکشەممە ٩ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، بە ٨٠ دەنگ تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوەو، کابینەکەش بە سەرۆک وەزیر و جێگر و وەزیرەکان بوو بە ( ماوە بۆ درێژکراوە ).
 
 
 

PM:09:54:17/03/2023