ئێوارەی دوێنێ پێنج شەممە منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان لە ئاوی زێی گەورەدا خنکا.
نەقیب ئامانج محەمەد بەرپرسی تیمی ژێرئاوی قەزای خەبات لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئێوارەی دوێنێ دوو منداڵ کە خوشکی یەکترن لەگەڵ باوکیان بە مەبەستی ئاودانی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانیان چوونەتە سەر زێی گەورە کە یەکێکیان دەکەوێتە ناو ئاوەکەو دەخنکێت".
وتیشی" ئەوکەسەی خنکاوە ناوی (سۆنیان ئەمجەد)ە تەمەنی هەشت ساڵانە و دانیشتووی گوندی وەردەکەن لە سنووری شارۆچکەی خەبات".
راشیگەیاند" تا ئێستا تەرمی ئەو کچە نەدۆزراوەتەوە و گەڕان بە شوێن تەرمەکەدا بەردەوامە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی دوو ڕۆژە تیمەکانی گەڕان لە نێو ئاوی سیروان لە دەربەندیخان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای تەرمی ئەو گەنجەی ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە لەگەڵ دوو هاورێی بە بەلەم چوونە نێو ئاوەکە و بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەکەیان ژێر ئاوەکە کەوت.