نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رایدەگەیەنێت، دۆخی ئێستای كوردستان، هاوشێوەی رێككەوتنامەی جەزائیری ساڵی 1975 ی عێراق و ئێرانە، بۆیە ئێران بڕیاریداوە كێشەكانی لەچوارچێوەی عێراق لەگەڵ هەرێم چارەسەر بكات.
نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران لە پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، ئەو دۆخەی ئێستا بەسەر هەرێمی كوردستاندا هاتووە، هاوشێوەی رێككەوتنامەی جەزائیری ساڵی 1975 ی نێوان عێراق و ئێرانە، ڕەنگە رێككەوتنەكە ئەمجارە لە نێوان چوار وڵات بێت، ڕەنگە پشتگیری وڵاتە زلهێزەكانیشی هەبێت، بۆیە ئێستا ئێران بڕیاریداوە كێشەكانی لەچوارچێوەی عێراق لەگەڵ هەرێم چارەسەر بكات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، عێراق و ئێران ئێستا كەوتوونەتە نێو رێككەوتننامەی جەزائیر، تەنانەت رێككەوتنی ئێران و سعودیە كە بەغداشی تێدایە و وردەكارییەكەیم لا نییە، ڕەنگە بەشێكی گەڕانەوە بێت بۆ بەندەكانی رێككەوتنامەی جەزائیر، توركیاش بووەتە بەشێك لەم رێككەوتنە و ڕوونە، ئەمەی ئێستا بەڵگەیە عێراق و ئێران و توركیا پێكەوە، كەوتوونەتە دانانی بەرنامەیەك بۆ دانانی سنوورێك بۆ دۆخی ئێستای عێراق و هەرێم."
دەباغ روونیكردۆتەوە، چوار ساڵ لەمەوبەر كاتێك باسی دەروازە سنوورییەكانیان كردووە، ئێران هەوڵیداوە ڕێككەوتنەكانی حكومەتی هەرێم ببەستێتەوە بە ڕێككەوتننامەی جەزائیرەوە و وتی" بەڵام ئەو كات حكومەتی هەرێم توانای هەبوو، ئەمە قبوڵ نەكات، یاخود ئێرانیش بەهۆی مام جەلال و كاك مەسعودەوە بێدەنگی دەكرد بۆ دواخستنی ئەم دۆخە، ڕەنگە ئێستا دۆخێك هاتبێتە پێشەوە، ڕێگە خۆشكەر بێت تا جارێكی تر باسبكرێتەوە."